شاعیر: ئاوات
کتێب: شاری دڵ
سەرناو: ساقی نەیە نابێ!
لەبارەی شیعر: گەردیگلان، ١٣٢٨ی هەتاوی - (لاپەڕە ٢١ و ٢٢ ی چاپی ئەنیسی و ٢٣١ ی چاپی جەعفەر)

هەتا کەی عاشقی بێچارە چاوی هەر لە دەرگا بێ؟ 
بڵێ 'بەشکم وەدەر بێ ڕۆژی عاشق'، جا بڵێی وابێ؟ [١] 

به سارد و گەرمی مەیلی یاری خۆم من ڕامبوارد عومرێ [٢] 
له لای من بایی پووڵێکه، چ سەرما بێ، چ گەرما بێ [٣] 

بەرامبەر شەمعی ڕووی دڵداری من، با پێت بڵێم چۆنە
کەسی عاشق دەبێ پیاوانه وەک پەروانه سووتابێ [٤] 

هەژار و دەربەدەر بۆ کۆیی دڵبەر سەر دەبا پێ بێ [٥] 
به سەر با بێمه دەرک‌وبانی وی، تا هێزی پێ مابێ

موهەییا نابێ بەزمی عارفان، پیری موغان فەرمووی
هەزار عاشق وەخڕبن، تاوەکوو ساقی نەیێ نابێ

بە نەزم و نەسری خۆم هەر ڕێزی لێ دەگرم هەتا دەمرم
لە پیری مەیکەدە، بەشکم بفەرمێ پیاڵەیێ با بێ [٦] 

'ئیمامی' ماڵ‌خراپ، چاوی لە دەستی ساقییە، تاکوو [٧] 
بە خۆی و پیاڵەکەی بێتە پەنام و ماڵی ئاوا بێ

١. چاپی ئەنیسی: بڵێی؛ چاپی جەعفەر: بەشکەم
٢. چاپی ئەنیسی: ڕامپوارد. (دەبێ هەڵەی تایپ بێت). 
٣. چاپی ئەنیسی: پوڵێکە
٤. چاپی ئەنیسی و جەعفەر: کەسێ؛ چاپی ئەنیسی: سوتا
٥. چاپی ئەنیسی: کوێی (دەبێ هەڵەی تایپ بێت)
٦. چاپی ئەنیسی: پیاڵەیە با، بێ
٧. چاپی ئەنیسی: ساقی یە